Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی پڕۆژەی گەشتیاری دوکان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتیاری دوکان کۆبوویەوە وداوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە کارئاسانی بکەن بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکانی خستنە سەرپێی ئەم پڕۆژەیە.

لەکۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ ١٧ی نیسان لە قەزای دوکان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتیاری دوکان، باسیان لە گرفت و چارەسەرەکان و قۆناغەکانی ئامادەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە کرد و چۆنییەتی پەلەکردن لە جێبەجێ کردنیان بۆ ئەوەی پڕۆژەکە زووتر سەرپێ بکەوێت.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختیکردەوە کە حکومەت کار لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری دە‌كات بەشێوەیەکی گشتی تا بگاتە ئەو ئاستەی ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی دارایی بۆ هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیش، بۆیە هەموو کار ئاسانییەک دەکەین لەپێناو دەستپیکردن بەکارەکانی پڕۆژەکە بەشێوەیەکی کردەیی.

پڕۆژە‌ی گەشتیاریی ‏دوكان كە پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیارییە بە هاوپشكی لەنێوان ‏حكومەت ‌و كەرتی تایبەت لەقەزای دوکان بە تێچووی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەكرێت و بەدەستپێکردنی هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەتەواو کردنیشی دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.