Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی لە یۆنان لەگەڵ نیکۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە پرسی وزە و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابوری نێوان دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە پرسی وزە و پێگەی کوردستان لەڕووی نەوت و گازەوە کرا. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا.

هەرلەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن.
هەربۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەبێ کێشە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرس و سامانە سروشتییە بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی کرا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی کە دەیانەوێت لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان بکەن.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، وەزیری دەرەوەی یۆنان بەڵێنی دا بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی دەکات.

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە عێراقییان لێکتێگەیشتنیان زیاتریان هەبێت و بەردەوامیدان بە ناکۆکییەکان نەک تەنها پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوادەخات بەڵکو سەقامگیری عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.