Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی لە یۆنان لەگەڵ جۆرج گیورگارتاس وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چەند پلانێکیان کرد بۆ کاری هاوبەش لە بواری کشتوکاڵدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون کە کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵییەوە و دەتوانرێت بە وەبەرهێنان و کاری هاوبەش هەنگاوی گەورە بنرێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێم پلانی هەیە بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و تێڕوانینی حکومەت وایە‌ کە؛ کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەشدا پێشوازی لە کاری هاوبەشی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی لە هەرێم دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کشتوکاڵی یۆنان بڕیاریدا؛ تیمێک لە وەزارەتەکەی رابسپێریت بۆ کارکردن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم تا پێکەوە پلانی کاری هاوبەش ئامادە بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سە‌رۆكایە‌تی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری سە‌رۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.