Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی هۆڵەندا لەعێراق کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵە‌بانی و باڵیۆزی ھۆڵە‌ندا لە‌ عێراق، پێكە‌وە‌ باسی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە‌ و دواپێشھاتە‌ سیاسییە‌كانیان لە‌ عێراق كرد.

قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، رۆژى سێ شەممە ٨ى شوبات لە‌ هەولێر، پێشوازی کرد لەمایکڵ رێنتەنار باڵیۆزی هۆڵەندا لەعێراق و هانس ئاکربووم کونسوڵى گشتی هۆڵەندا لەهەرێمی کوردستان لە‌گە‌ڵ راوێژکاری کاروبارى چاکسازی پێشمەرگە.

لەو دیدارەدا کەدابان شەدەڵە جێگرى فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق تاوتوێکرا بەتایبەت پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێى عێراق و هەوڵەکان بۆ لێکنزیککردنەوەى بۆچوونی لایەنە سیاسیەکان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ عێراقیەکان.

تاوتوێکردنی ئەو هەنگاوانەى کەوەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمی کوردستان گرتویەتیەبەر لەپرۆسەى چاکسازیدا تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو کەتێیدا جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی ئەو پرۆسەیە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی.

لەدوایین تەوەرى دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنی داهاتووى هەرێمی کوردستان و ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەت و لایەنە بەشداربووەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.