Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی سە‌ردانی وە‌زارە‌تی ئە‌وقافی كرد و لە‌گە‌ڵ یە‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كۆبووە‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ى ئایارى ٢٠٢٢، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئاینی کرد و بە‌ئامادە‌بوونی دكتۆر پشتیوان سادق، لە‌گە‌ڵ تیمی وە‌زارە‌ت ‌و یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوە‌كە‌دا، كە‌ خاتوو فێنك شەفیق بە‌ڕێوبە‌ری بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی توندوتیژی دژی ئافرە‌تان و خێزان ئامادە‌ی بوو، گفتوگۆ کرا لەبارەى ھە‌ڵكشانی ئامارە‌كانی توندوتیژی دژى ژنان و شێوازەکانی رووبەرووبونەوەى، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەداخەوە بەپێى ئامارەکان ئەو دیاردەیە لەهەرێمی کوردستان لەهەڵکشاندایە، بۆیە پێویستمان بەهاوکارى هەمووولایەکە ئێوەش کەتوێژێکی زۆر کاریگەر و گرنگی کۆمەڵگە‌ن داواتان لێدە‌كە‌م كە‌ هاوکارمان بن لەرووبەرووبونەوەى ئەو دیاردەیەدا.

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران وتیشی: داوادە‌كە‌م مامۆستایانی ئاینی رۆڵى گرنگی خۆیان ببینن لەکەمکردنەوەى توندوتیژی دژى ژنان لەناو کۆمەڵدا وە‌ك چۆن پێشتر ڕۆڵی كاریگە‌ریان ھە‌بووە‌ لە‌وبارە‌یە‌وە‌. جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە هەقە بەهەموومانەوە بڵێین؛ بەسە ئیتر، هیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە.

هەر لەوبارەیەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی پەیامەکانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانی کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە لەئاینی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەک ئەوە بونی نیە کە بە(غسل العار) ناسراوە ئەمەش لەزۆربەى وتارەکانی مزگەوتەکاندا ئاماژەى پێدراوە، بۆ رێگرى لەپەرەسەندنیشی پێویستە هەڵمەتێک بکەین لەدژى دیاردەى توندوتیژی دژى ژنان و زانایانی ئاینییش لەپاڵ راگەیاندنەکاندا رۆڵی خۆیان ببینن.