Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە

- بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران درا بۆ بەدواداچوون و گقتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دانانی رێکارە دەستوورییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.

- پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێکبخرێنەوە بە شێوەیەک کە دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و رێگای خۆدزینەوە لە باج بگیرێت.

- هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەتی دا.

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)  - ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/8/7 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە .

سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ( ٧١ /٢٠١٩) لە ٢٠١٩/٧/٢٨ تایبەت بە راڤەکردنی ماددەی( ١٤٠ ) ی دەستوور کرد کە تێیدا بڕیاردرا بە زیندوومانەوەی ماددەی ئاماژەپێکراو.

لەو بارەیەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران درا بە هەماهەنگی لە گەڵ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گقتوگۆکردن لە گەڵ بەغدا بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی. پاشان کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی داڕشتنی میکانیزمێکی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاکسازی لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە چاکسازی لە سیستەمی باج ، بە جۆرێک دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هەبێت ، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر گرنگی باجدان کردەوە کە پێویستە هەموو ئەو لایەن و کەس و کۆمپانیایانەی قەرزداری حکومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە بە شێوەیەکی یاسایی بدەن . هەروەها پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێکبخرێنەوە بە شێوەیەک دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاک لە بەرچاو بگیرێت . هەروەها رێگە بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بکرێنەوە کە لەوبارەیەوە رێگرن.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکه، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی ئەو کەسانەی بە ناوی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی . لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکە بڕیاریدا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە ، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە سێزدە هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی دا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تاوتوێ کران وبڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا .

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی راسپارد ، کە پێشوازی گەرم و ئاسانکاری پێویست بۆ گەشتیاران بکەن کە بە بۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.