Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سەردانى ئیمارات دەکه‌ن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەسەر داواى فەرمیى شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینى ئەبوزەبى، بۆ به‌شداريكردن له‌ رێوڕه‌سمى پێشبڕكێى خه‌ڵاتى ئيمارات فۆرمۆلا يه‌ك، رۆژى یەکشەممە ٢٠١٩/١٢/١ بە سەردانێکى یەك ڕۆژە گەیشتنە ئه‌بوزه‌بى.

له‌و سه‌ردانه‌دا، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان به‌جيا چاويان كه‌وت به‌ هه‌ر يه‌ك له‌ شێخ محەمەد بن زاید ئالنهیان جێنشینى ئەبوزەبى، جێگرى فەرماندەى باڵاى هێزە چەکدارەکانى ئیمارات و سەرۆکى ئەنجوومەنى راپەڕاندنى ئیمارەتى ئەبوزەبى، شێخ محه‌مه‌د بن راشد ئال مەکتووم، جێگرى سه‌رۆكى ئيمارات و سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى به‌رگرى و فه‌رمانڕه‌واى دوبه‌ى، مير محه‌مه‌د بن سه‌لمان، جێنشينى عه‌ره‌بستانى سعووديه‌، ئا‌رمين سه‌ركيسيان سه‌رۆكى ئه‌رمه‌نستان، رۆستەم مينيخانۆڤ سه‌رۆكى ته‌ته‌رستان و ژماره‌يه‌ك له‌ شا و سه‌رۆك و سه‌ركرده‌‌ و وه‌زيرانى وڵاتانی میوانی رێوڕه‌سمه‌كه‌.

له‌م ديدارانه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌ دوولايه‌نه‌كان تاووتوێكران و دووپاتيان له‌ به‌هێزكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ و شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه هه‌وڵى كرانه‌وه‌ى زياتر و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌دات له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جيهان.