Skip to the content

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

• هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات.
• کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٢/١١ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و نوێنەر و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوا گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بەرنامەی چاکسازی کرد کە بە شێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جەختیشی کردەوە کە کابینەی نۆیەم کار دەکات بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکاندا.

لە بارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش، سەرۆک وەزیران گوتی هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وعیراقدا بێت.

ئامادەبووان پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هیزی پێشمەرگە دووپات کردەوە بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش. سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران.
پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە و پیرۆزبایی جەژنەکانی لە دایکبوون و سەری ساڵیان لێکردن.