Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە

• یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت.
• داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکەین هاوکار و پشتیوان بن لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەمە ٢٠١٩/١٢/٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی ٢٠٢٠ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە، وردەکاری ئەو رێککەوتنەیان خستەڕوو، کە لە ژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی کۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٠. ئەمەش یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات لە قۆناخی داهاتوو کە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوکار و پشتیوان بن لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.