Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیحەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (کریسمس). مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح(کریسمس)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا جەژن بەسەر ببەن.
هەرێمی کوردستان وەک مەڵبەندی بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینی دەمێنێتەوە. شانازیش دەکەین کە پەناگەیەک بووە بۆ میوانداریکردنی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر و لەناویشیاندا مەسیحییەکانی عێراق و ناوچەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش درێغی نەکردووە و بەردەوامیش دەبێت لەدابینکردنی ئارامی و دڵنیایی و یارمەتیدانی هەموو ئەوانەی لەبەر ستەم و زۆرداری پەنای بۆ دەهێنن.

هیوداراین شەڕو نەهامەتیی لەناوچەکە و جیهان بە گشتی کۆتایی پێ بێت و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی سەقامگیر ببێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠١٩/١٢/٢٤