Skip to the content

دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان،

بەڕیزان ئەندامانی پەرلەمان،

خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەل هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.

ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی کوردستان بکەم, کە لە ٣٠/٩/٢٠١٨ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەکەین کە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی هێزەسیاسییەکان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون .

لەمرۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەکاندا بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیرادەی گەلەکەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.

هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی کابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.

بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەکەم، کە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەکوەزیران و وەزیرە بەرێزەکانی هاوکارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەکمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.

پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو.

بەڕیزان، زۆربەی حیزب و لایەنەکانەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێکی باشتری هاوڵاتیان کردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم کابینەیەدا بکرێنە کردار و جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاولاتیان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاوڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی.

چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان بەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین.

دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.

بەرێزان بە پێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.

بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەلکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکومیدا بکێشێت. ئەم حکومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکومەتی هەمووانە.

بەڕێزان، حکومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانوستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدرالیی بەهێز و پێشکەتوو .

لە کۆتاییدا داوای هاوکاری و پشتگیری لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم، تاکو بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە و بەرنامەی کاری حکومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەین.

خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوڵاتیانی خۆراگری کوردستان بووە.

ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەکانی کارنامەی حکومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەکی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین کار و کەمترین گوتارمان هەبێت.