Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی تەمووزی 2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جەنەڕال گریگۆری کرودەر.

لەم کۆبوونەویەدا دوا رەوشی ئاسایشی ناوچە جیاجیاکانی عێراق گفتوگۆی لەسەر کرا و جەخت لە کارا کردنی مەیدانیی ھەرچی زووتری میکانیزمی ھەماھەنگیی ھاوبەشی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرایەوە.

شاندی ئەمەریکی دووپاتیان کردەوە کە لە سەر هاوکاریکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە نێوان یەکەکانی پێشمەرگەدا بەردەوام دەبن. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی حکومەتی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە. ئاماژەی بەوەشدا کە بە هۆێ سەقامگیرنەبوونی ئاسایش لە هێندێک ناوچەی عێراقدا ، خانە نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە ، گوتیشی هێشتا داعش هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە. 

سەرۆکی حکومەت ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کەلە پێناو نەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستان پێویستە هۆکارەکانی سەرھەلدانی توند و تیژی لەناو ببردرێن، ئەو چەندەش بە رێگەی چەسپاندن بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری و یەکتر قبول کردن جێگیر دەبێت.