Skip to the content
Menu

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بریکاری وەزیری بەرگری ئەمریکا دەکات

• بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا پابەندبوونی ئەمەریکای بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/١١/٢٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن روود بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی کرد.

لە دیدارەکەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئامادەی بوون، بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا پابەندبوونی ئەمەریکای بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەردانی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەولێر دووپاتکردنەوەی ئەو پشتیوانیەی ئەمەریکا بوو بۆ هەرێمی کوردستان.

بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا هەروەها جەختی لە بەردەوامیدان بە یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگە و گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیربوونی ئاسایش لە ناوچەکەدا رۆڵی خۆی دەگێڕێت.