Skip to the content
Menu

لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

• سەرۆکی حکومەت: پێویستە هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/١١/١٦ لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

شاندەکە لە نوێنەری ئاینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، سابيئەی مەندایی و بەهائی پێکهاتبوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئایینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئایینەکان تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤە بۆ رێگەی راست. گوتیشی یەکێک لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازی ئێمە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەو بەیەکەوەژیان وتەباییەیە کە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە هەموومان کار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کورستان بکەین و هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.