Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆکی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەڵەتی دەکات

• جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی: سوپاسی بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەکەم کە دۆستێکی گرنگی رێکخراوەمانە
• سەنتەرێکی راهێنانەوەی سروشتی لە هەولێر دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/١٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جیل کاربۆنیێ جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد.

لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەماهەنگی و کارئاسانییان بۆ خاچی سوور بۆ جێبەجێکردنی چالاکی و پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی بە سەرۆکی حکومەتی کوت ” بەتایبەتی سوپاسی بەڕێزتان دەکەم کە دۆستێکی گرنگی رێکخراوەمانی و لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەردەوامی لە هاوکاریکردنی خاچی سووری نێودەوڵەتی “.

جێگری سەرۆکی خاچی سوور هەروەها رایگەیاند کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی راهێنانەوەی سروشتی بۆ یارمەتیدانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەولێر دەکرێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی خاچی سووری نیودەوڵەتی کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکیی مرۆیی لە جیهان و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ رێکخراوەکە کردەوە.