Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٠/٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیرەج مەسجدی بالیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند کە ئێمە بە گەشبینییەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانین کە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بدات و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەر هاوکارییەک لەمبارەیەوە دەربڕی.

هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە وناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کردەوە لە سەر بنەمای دەستوور.