Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد

مەسرور بارزانی :
• ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور.
• داعش هێشتاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵک
• هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژى دووشەممە ٢٠١٩/٩/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مێجەر جەنەڕال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.

لە دیدارەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە داعش هێشتاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵک و ئاستەنگە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

گوتیشی هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور.

فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانانیش خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە و ئامادەییشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت.