Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەت:
• نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی وسزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت.

نوێنەری WHO لە عێراق:
• ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٤/٢٧ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت کرد.

لە دیدارەکەدا کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو ، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی بەغدا و جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

روونیشیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو ، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکومەتی فیدرالیش بڕی ( ٩٠٠ ) نۆسەد ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.