Skip to the content

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان ڕێککەوتن

• بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV. KRD)- ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٨/١٥ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.

لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا ، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت.

ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.