Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی فەرەنسا دەکات

هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٧ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فلۆرەنس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی پشتیوانیکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعش. ئاماژەشی بەوەدا کە داعش لە زۆر ناوچەی عێراقدا دەستی بە هێرش وپەلامار کردووتەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش کردەوە.

وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە وگوتی هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا ڕاهێنانی هاوپەیمانان بە هێزی پێشمەرگە دەست پێ بکاتەوە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەوە کرایەوە کە لەم قۆناغەدا جیا لە ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنی، پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوولا بدرێ.