Skip to the content

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی سنووری گەرمیان تاووتوێ دەکات

• سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە بەرپرسانی دەڤەرەکە کرد کە لە کاتی دروستبوونی پشێوی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان لە سنووری گەرمیان، بەرپرسانە ڕەفتاریان کرد و هەوڵی پاراستنی موڵکی گشتیی و خەڵکیان دا.

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بارودۆخ و کێشە و گرفتەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی تاووتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە بەرپرسانی دەڤەرەکە کرد کە لە کاتی دروستبوونی پشێوی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان لە سنووری گەرمیان، بەرپرسانە ڕەفتاریان کردووە و هەوڵی پاراستنی موڵکی گشتیی و خەڵکیان دا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەشی بەوەدا، کە بەداخەوە خەڵکێک هەوڵ دەدات داوای ڕەوای هاووڵاتییان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی خۆی بەکاربهێنێت و هانی خەڵک دەدەن بۆ تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی و پشێوی نانەوە، ئەم ڕەفتارانەش بە تاوان دادەنرێن و پێویستە ئەنجامدەرانی، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

سەرۆکی حکومەت هەروەها تیشکی خستە سەر دۆخی نەخوازراوی تەندروستی و قەیرانی دارایی، کە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەی بەوەدا تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەماهەنگیی و هاوکاری هەموولایەکی پێویستە.