Skip to the content

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/14 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆیل رەیبێرن نێردەی تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سوریا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی گفتوگۆی ئاشتیانە لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو پەرەدان بە ئازادی و فرەلایەنی سیاسیی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا. هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەن.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشی شەوی ڕابردووی چەکدارانی پەکەکە کرد بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری ئامێدی و بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد. ڕوونیشیکردەوە کە لەم ماوەیەدا ، سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لە سەر دەستی چەکدارانی پەکەکەوە شەهید کراون. هوشداریشیدا کە ئەم هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستێوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ژێر هەژمونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکاریانە وەربگرێت کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن.