Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆدەبێتەوە

• وەزیری بەرگری ئەمەریکا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: هاوپەیمانیێتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا.

میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوی کرا.

وەزیری بەرگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکە، گوتیشی ئێمە لە پشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بەردەوام دەبین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانێتی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا.