Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: پەسندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رۆژی ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ پەسندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا یاسای چاکسازی بە ”هەنگاونانێکی مێژوویی بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر“ ناودەبات. ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی. ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر. ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داواکاری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بوو. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەری بۆ فەرمانبەران، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانە.

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی پێکهێنا.

هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران تێدایە، بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت .

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی. هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/١/١٦