Skip to the content

بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات خرایەگەڕ

مەسرور بارزانی : سەڕەڕای ئەو دۆخە نالەبار و سەختەی کوردستان تووشی بووە ئێمە نەوەستاین و بەردەوامین لە سەر ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان .

 

هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٧/١٤ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بە گەڕخرا.

سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمی بەگەڕخستنی وێستگەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەڕەڕای دۆخە سەختەکان بەڵام ئیمە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ناوەستین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی ” زۆر خۆشحاڵم و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەبووین بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات کە لە لایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای کۆریای باشوور POSCO و KNOC جێبەجێ کراوە .

ئەم پڕۆژە ستراتیجیە توانای بەرهەمێنانی 300 مێگاواتی هەیە کە 10% کارەبا لە تۆڕە گشتییەکانی بەرهەمهنانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور دەکەم .

وەک دەزانین ئەمە دووەمین پڕۆژەی ستراتیجیە لەم هەفتەیەدا جێبەجێمان کردووە ( دوای دانانی بەردی بناغەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی). ئەمەش ئەوە دەردەخان کە سەڕەڕای ئەو دۆخە نالەبار و سەختەی کوردستان تووشی بووە ئێمە نەوەستاین و بەردەوامین لە سەر ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەدا بەڵێنمان بە خەڵکی کوردستانداوە و ئێستاش بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنیان بە پێی توانا.

ئەم وێستگەیە ڕاستە لێرە لە خەباتە بەڵام بەرهەمەکەی بۆ هەموو کوردستانە. ئەمەش جێی دەستخۆشیە کە سەڕەڕای ئەو دۆخە نالەبارەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری بەڵام نە کۆمپانیاکان وەستاون و نە حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. ئێمە لە حکومەتی هەرێم دەزانین کارەبا چەند گرنگ و پێویستە بۆ خزمەتگوزاری گەیاندن بە هاووڵاتییان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و ژێرخانی ئابووری کوردستان . بۆیە هەر لە سەرەتاوە گرنگییەکی زۆرمان بە بەرهەمهێنانی کارەبا داوە .

ئێوە دەزانن کە ژێرخانی ئابووری و دروستکردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا گرنگن و بە یەکەوە بەستراونەتەوە . ئێمە داوامان لە وەزارەتی کارەبا کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە پێداچوونەوە بە تۆڕی گشتی کارەبا و بەرهەمهێنان و گەیاندن و بەکارهێنانیشی بکەن. ئێمە وەکو هاووڵاتی ڕاستە خاوەن مافین بەڵام لە هەمانکاتدا خاوەن ئەرکیشین . یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانمان ئەوەیە کارەبا بە هەدەر نەدەین . ئەگەر هاووڵاتییانیش پابەند و هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن من دڵنیام دەتوانین دۆخی کارەبا لە ماوەیەکی کەمدا بەرەو باشتر ببەین. داواشم لە وەزارەتی کارەبا کردووە کە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ کێشەکانی کارەبا و زیادکردنی کارەبا لە هەموو کوردستان. پێشتر ئێمە زۆر پشتمان بە گازوایل دەبەست بەڵام ئێستا هەوڵمانداوە زیاتر سوود لە گاز وەربگرین . داواشمان کردووە بەرهەمی گاز ڕێژەکەی زیاد بکرێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر سوود لە وزەو کارەبا وەربگرین.

من لێرەدا دەمەوێ دڵنیاتان بکەمەوە کە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییە ناخۆشەی کە هەرێم تووشی بووە . دووبارە داواشتان لێدەکەمەوە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیددی وەربگرن . حکومەتی هەرێم بڕیاری پێویستی داوە و ئێمە دوێنێ کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان هەبوو بۆ چۆنێتی وەرگرتنی ئەو ڕێکارانەی کە پێویستن بۆ سەلامەتی و پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان . ئەوەی لە سەر حکومەت بێت دەیکات بەڵام زۆری لە سەر خودی خۆتانە خوشک و برایانی بەڕێز . دەبێ ئێوە بزانن کە ئەو ڕێکارانە بۆ سەلامەتی خۆتانە.لەوانەیە حکومەت لە زۆر ڕووەوەش زیانی لە خۆی دابێت تەنیا لە پێناو پاراستنی ئێوە و کەسوکارتان . داواتان لێدەکەم پابەندی ڕینماییەکانی تەندروستی و ڕێکارە خۆپارێزییەکانی حکومەت بن بۆ ئەوەی هەم خۆتان سەلامەت بن هەم وڵاتەکەشتا ن سەلامەت و ئاوەدان بێت.

خۆ نەپاراستنیش بە هیچ شێوەیەک قەیرانی ئابووری چارەسەر ناکات.چونکە ئێمە هاووڵاتیانی تەندروستمان دەوێ بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکەوە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریش ببینەوە.

لە کاتێکدا دەتوانین هەموومان بەیەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین کە ئەرکەکانمان وەکو هاووڵاتی جێبە جێ بکەین . ئەویش پێش هەموو شتێک خۆشەویستییە بۆ وڵات. پێویستە وڵاتەکەمان خۆش بوێت و بیپارێزین و بەرەو پێشەوەی ببەین.

بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە حکومەت ئەرکی خۆی بە جێ دەگەیەنێ . بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەم پڕۆژەیە ئەرکی هاووڵاتییە کە یارمەتی حکومەت بدات بۆ ئەوەی سامانی گشتی کە هی هەموومانە بە هەدەر نەڕوات . بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم لە گەل حکومەت هاوکار بن. بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین حکومەتێکی بە هێزتر و باشتر و وڵاتێکی گەشتر و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی ئێوەی خۆشەویست بکەین.

دەستخۆشی لەو کۆمپانیایانە دەکەم کە هاوکاربوون لە گەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە و زۆر بەخێربێن و هیوادارم سەلامەت و تەندروست بن.