Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

• مەسرور بارزانی: هەر کاتێک برایانمان لە حکومەتی فیدراڵی ئامادەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ئامادەم سەردانی بەغدا بکەم.

• باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆست وهاوپەیمانی خۆمان دەزانین و دەمانەوێت لەم دۆخە سەختەی ئێستادا هاوکاریان بین.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٦/١٥ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و میکانیزمی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ڕایگەیاند ئێمە پشتگیریی لە حکومەتی موستەفا کازیمی دەکەین لە پێناو چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی هەر کاتێک برایانمان لە حکومەتی فیدراڵی ئامادەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ئامادەم سەردانی بەغدا بکەم.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ لە یەکنزیکردنەوەیان لە پێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆست و هاوپەیمانی خۆمان دەزانین و دەمانەوێت لەم دۆخە سەختەی ئێستادا هاوکاریان بین.