Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، سەری ساڵی بابلی (ئاشووری- کلدانی) و جەژنەکانی ئەکیتۆ لە ھاووڵاتییانی کلدانی و ئاشووری و سریانی پیرۆز دەكات و پێداگیریشی لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوەکان لە ھەرێمی كوردستان دەكات.

تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:

بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی( ئاشووری- کلدانی) و جەژنەکانی ئەکیتۆ ، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کلدانی و ئاشووری و سریانی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەین . هیوادارین ساڵی خێر و خۆشی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە بێت کە هەرێمی کوردستان و جیهانی گرتووەتەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە نەرێنییەکانی.

داوا لە هەموو لایەک دەکەم پابەندی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموولایەک بتوانین ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕێنین.

هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوەکانە کە مایەی شانازیمانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن لە مافی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/٣١