Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٣/٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پێکهاتبوو لە ئيداما دیانگ یاریدەدەر و راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە جینۆساید و کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش .

لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ رێگریکردن لە جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەتی تاوانەکانی داعش. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا بە سزای یاسایی بگەن و مافی قوربانییەکانی دەستی تاوانەکانی داعشیش بپارێزرێت .

شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی ئاینی لە هەرێمی کوردستاندا.