Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

•تکا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم پابەندی رێنماییەکان بن.

•بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لەلایەن ژمارەیەک خەلکەوە جێبەجێ ناکرێن.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەكشەممە ٢٢ ئاداری ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا داوا لە ھاووڵاتیان دەكات لە پێناو تەندروستیی خۆیان و خێزانەكانیان پابەندی رێنماییەكان بن و بە خۆپارێزی پێشی بە بڵاوبوەنەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرن و بە پابەندبوون و مانەوە لە ماڵەكانیان، ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵكی کوردستان بپارێزن.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەت:

داوا لە هەموو هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.
سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە، بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە سەرپێچیکردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو ژیانی کەسوکاریان و سەرجەم خەڵكی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە.

بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لە لایەن ژمارەیەک خەلکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خالە سنووریەکان بەردەوامە.

هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەلکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکومەت رێکاری توندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەلک دەکەن ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

هیوادارم هاووڵاتیانی خۆشەویستیش مەترسیی ئەو پەتایە زیاتر بە جددی وەرگرن. ئەوەی لەسەر حكومەت بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتر بین، رۆڵی حکومەت و هاووڵاتیان لەم دۆخەدا تەواوکەری یەکترە.

توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت. هەر بەهەندوەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییەک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەلکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت.

تکا لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم بە هەستێکی بەرپرسیارانە ڕینماییەکان ڕەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تکاتان لێدەکەم لەم ماوە دیاریکراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتووچۆتان هەبێت.

لە کۆتاییدا سوپاسی خۆراگریی زۆرینەی خەلکی کوردستان دەکەم. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی تیمە تەندروستییەکان و ئەو پزیشک و پەرستارانە دەکەم کە لە هێلی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەن. سوپاسی هێزەکانی ناوخۆ و کارمەندانی شارەوانی و کارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە شەو و رۆژ لە پاراستنی خەلک و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بەردەوامن.

خوای مەزن هەموولایەک بپارێزێت و کوردستانمان لە هەموو ناخۆشییەک بەدوور بگرێت.


مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/٢٢