Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە ٢٦ گوڵانی ٢٠٢٠ روونكردنەوەیەك سەبارەت بە پرسی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم، کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە. لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.

دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.

وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٢٦