Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی واژۆکردنی گرێبەستی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتووچۆ دەکات

مەسرور بارزانی:
• ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە، بەشێکی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم لە پێناو چاکسازی و مۆدیرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/11/25 بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی گرێبەستێک لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی بەڕێوەدەچوو لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی هاتووچۆ و تۆمارکردنی ئوتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری و چەند خزمەتگوزارییەکی تر.

ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە، بەشێکی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو چاکسازی و مۆدیرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نەک هەر تەنیا کارایی و شەفافییەت لە کاروباری حکومەتدا زیاد دەکات، بەڵکو یارمەتیشمان دەدات بۆ بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی كە هاوشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا بێت.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بە یانیتان باش

بەخێرهاتنی بەڕێزان لە گرووپی میولباوەر و کونسوڵی گشتی ئەڵمانی لە هەولێر دەکەم.


بەڕێزان:

وەک لە وتاری دەستبەکاربوونم لە پەرلەمانی کوردستان و چەند بۆنەیەکی دیکەدا باسم کردووە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەکنەلۆجیمان و سەرەنجام وردە وردە هەنگاونان بەرەو ئەوەی واز لە مامەڵەی کاخەزی بهێنین، چونکە زەحمەتە هاووڵاتییانمان دەیان کاتژمێری کاتی خۆیان لە نۆرە وەستان و چاوەڕوانیی كردن بۆ ئەنجامدان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و کاروباریان بەسەر ببەن، لە کاتێکدا دەکرێ بە ماوەیەکی کەم و بە خێرایی و بە شێوەی ئۆنلاین، مامەڵەی هاووڵاتییان تەواو بکرێت.

کۆتایی هێنان بە پشت بەستنمان بە کاری کاغەزی و دابینکردنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی کارێکی ئارەزوومەندانە نییە ، بەڵکو ئەوە پێویستییەکە. ئێمە هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لە بەردەم نییە، یان دەبێ لە گەڵ تەکنەلۆجیا پێشبکەوین و بەرەو پێشەوە بچین ، یان لە ڕابردوودا بمێنینەوە و گیر بووین. بێگومان بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نەک هەر تەنیا کارایی و شەفافییەت لە کاروباری حکومەتدا زیاد دەکات ، بەڵکو یارمەتیشمان دەدات بۆ بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی كە هاوشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا بێت. کە لەم ڕێگەیەوە هاووڵاتیانی کوردستان و سەردانکەرانی دامودەزگاکان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، دڵنیا دەبنەوە کە دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی دەستییان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات.

بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە گرێبەستێک ئیمزا دەکەین لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی، لە بواری هاتووچۆ بۆ دەرهێنانی ساڵیانە و مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی و خزمەتگوزاریی تۆمارکردن.

ئەم گرێبەستە لەساڵی پارەوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری تاوتووێ دەکرێت و بەهاوبەشییەوە و لە نزیکەوە کاری لەسەر دەکەن. لێرەدا دەمەوێت ستایشی وەزیری ناوخۆ کاک ڕێبەر ئەحمەد و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کاک هیوا ئەفەندی و تیمەکەی گرووپی میولباوەر و سەرجەم ستافەکانیان بکەم بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە. ئاگادارم کە پسپۆڕانی بواری دارایی کە راوێژی بازرگانی پێشکەشی حکومەتەکەمان دەکەن، ئەوانیش ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بۆیە سوپاسیان دەکەم. هەوڵی ئەم تیمە لەگەڵ گرووپی میولباوەر ئێستا مەودای پڕۆژەکەی فراوانتر کردووە بە شێوەیەک کە لە ئاست خواست و ڕوانینی ئەم کابینەیە و پێداویستی خەڵکی کوردستان بێت، کە جێی خۆشحاڵییە هەوڵەکانیان بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە کەرتی گشتیدا بە ڕێژەی زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلار.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆتان روون بکەمەوە کە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە قازانجی کەرتی گشتیدا چین:

لە ساڵی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ده بێت به خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی. ئەمەش یەکەمین سیستەمی زانیاری دانیشتووانمان بۆ دروست دەکات ، کە پێشمەرجێکە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی. یەکەم خزمەتگوزاریش کە پێشبینی دەکەین لە 12 مانگی داهاتوودا بێتە ئاراوە، خزمەتگوزاری شۆفێریی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەبێت، کە زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرن و هەموو شۆفێرێک کارتی زیرەکی دەبێت، یەکەکانی پۆلیسی گەڕۆکیش، ئامێرێکیان دەبێت کە دەستبەجێ دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێل و شوفێرانە بە خێرایی کۆنترۆڵ بکەن.


هاوکات لە گەڵ ئەم خزمەتگوزارییەدا ، نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی جێگری سەرۆک وەزیران کاک قوباد تاڵەبانی کار دەکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریەکان بە باشترین و ئاسانترین شێوە بگاتە هاووڵاتییان و ڕێوشوێنەکانی ڕاییکردنی مامەڵەش کەم بکرێنەوە و سەرەنجام داهات زیاد بکات . خۆشحاڵم کە لەم بوارەدا پێشکەوتنی باش و گرنگیان بە دەست هێناوە. کە دواتر دامودەزگاکانی دیکەی حکوومەت دەتوانن سوود لەم داتا و خزمەتگوزارییانە وەربگرن بۆ نموونە لە بوارەکانی پەروەردە ، کەرتی تەندروستی ، باج و دارایی. هیوادارم ئەمە هاندەرێک بێت بۆ یارمەتیدان و هاندانی گەنجەکانمان لە دروستکردنی دەرفەتی کار و بزنسی نوێ لە ڕێگەی هاوکاری و هاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و تایبەتیدا.

ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە، بەشێکی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم لە پێناو چاکسازی و مۆدیرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا. ئێمە دەمانەوێ ببیینە حکومەتێکی دیجیتاڵی ڕاستەقینە لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دروستکردنی ڕوانینێک لەنێوان وەزارەتە جیاجیاکان کە سەرەنجام دەبێتە هۆی پێشخستنی شێوازی بڕیاردان و گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەم کارە پڕ زەحمەتەیان ئەنجام داوە. سوپاس بۆ گرووپی میولباوەر بۆ پشوودرێژی و نەرمی نواندنیان . هیوادارم ئەم پڕۆژەیە لە ئاست خواست و ئاواتی هاووڵاتیانماندا بێت.

دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و گرووپی میولباوەر دەکەم.

هەر شاد و سەرکەوتووبن.