Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد) دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ،(GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتووێ کرا.

سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەولەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) ، تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە . ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لە گەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاريش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک ، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون ، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.