Skip to the content

پەیامێک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی رۆژی شەممە 2020/10/17 لە پەیامێکدا، هێرش بۆ سەر لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندنی ئاڵای کوردستانی لە بەغدا شەرمەزار کرد، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا ، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم.

بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە ، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/17