Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەليکترۆنی دەست پێ بکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە تایبەت بوو بە تاووتوێ کردنی بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە ناوەند و دامەزراوەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، هەر یەک لە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ( لە جیاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) ڕاپۆرتێکی بەرفراوانیان دەربارەی چۆنێتی و ئەگەر و بژاردەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە رەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕینماییە تەندروستییەکان خستەڕوو .
دواتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید 19) و پێشھات و ئەگەرەکان خستەڕوو .

دوای تاوتوێ کردنی هەموو ئەگەرەکان و بە هۆی بەردەوامیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و پاراستنی بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان و لەسەر پێشنیاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکرێت (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی) و، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەکاریی پێویست بۆ ڕاگەیاندنی رۆژژمێری وەرزی یەکەمی خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بکەن. ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا کە بەداخەوە لە تەشەنەکردندایە، وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە ڕێنماییە تەندروستیيەکانیان لەمبارەیەوە ڕێکبخەنەوە و بە ھامەھەنگيی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەسەر ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنەوەی خۆپارێزی بەردەوام بن و، وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ڕاسپێردران بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێداویستیی دارایی بۆ ئەم پرۆسەیە دابین بکەن.