Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتالیا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD ) - ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری بەرگری ئیتالیا لۆرێنزۆ گویرینی کرد.

لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ئیتالیا و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.

وەزیری بەرگری ئیتالیا ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی. گوتیشی هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا درێژە بە ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە بدەینەوە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی کاتی وەستابوون.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی و هاوکارییەکانی ئیتالیای کرد و گوتی: بوونی هێزەکانی ئیتالیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە پێویست و گرنگ دەزانین. جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق موستەفا کازمی، لە پێناو سەقامگیرکردنی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور.