Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵییەوە دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ هەینی 2021/4/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا، لەوانە عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، هادی عامری سەرۆکی ئیئتیلافی فەتح ، خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتیی (المشروع العربي ) ، ئەحمەد جبوری ( ئەبو مازن) ئەمینداری گشتی پارتی الجماهیر.

لەو پەیوەندییانەدا سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی ئەو سەرکردە سیاسییانەی کرد لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی و هیوای خواست تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، ببێتە هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتریش پەیوەندی بە هەر یەک لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ موستەفا کازمی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و سوپاسی کردن بۆ پشتیوانییان لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە و بڕگەکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی .