Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 3ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوندی خدر جیجەی بناری قەرەچووخ بەشداری پرسە و سەرەخۆشی ئەو سێ برا شەهیدەی کرد کە لە هێرشی دوێنێ شەوی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون.
هەروەها لە شاری هەولێریش سەرۆکی حکومەت بەشداری لە پرسەی چەند شەهیدێکی پێشمەرگە کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون.
سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان گەیاند و دووپاتیکردەوە کە هاتوومەتە خزمەتی ئێوە بۆ سەرەخۆشی و دڵنیاییداین کە ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان .
سەرۆکی حکومەت بە کەسوکاری شەهیدانی ڕاگەیاند کە شەهیدان شانازی گەلی کوردستانن و ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان درێغی ناکەین.