Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی دیسەمبەری ٢٠٢١مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماتی لاسیلا باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فینلەندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی فینلەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە بەتایبەتی لە بواری مەشق و ڕاهێنانی سەربازی، جەختیشی لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەماهەنگیی و هاریکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
باڵیۆزی فینلەندا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنی ڕەوەندی کوردستانی لە فینلەندا، خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا دەربڕی.