Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا تاووتوێ کرا.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ڕووسیای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە ڕۆڵی دیاری سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە ڕووسیا وەک پێشەوای نەتەوەیی کورد دەیبینێت، ھەروەھا باسی لە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێم کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە بیروبۆچوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کرا، سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا کردەوە کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سوریا بکات .