Skip to the content

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیڤێنتی TEDxNishtman

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی شه‌ممه‌ 2020/2/13 بەشداریی لە ئیڤێنتی TEDxNishtman کرد و لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگی رۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگادا، ئه‌مه‌شی ده‌قی گوتاره‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز،

گەنجانی خۆشەویست،

سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ بانگهێشت کردنم

سوپاس بۆ ڕێکخەر و ئەو گەنج و خۆبەخشە بەڕێزانەی ئەم بۆنەیان ڕێکخستووە.

من ئەمڕۆ لێرەم بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە. هەروەها بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆم بۆ گەنجەکانمان بەگشتی، لە زاخۆوە تا خانەقین کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە نزیکەوە ئاگاداری بیروبۆچوون و بیرۆکە و پەرۆشی و گەشبینییان بووم، بۆ باشتربوونی دۆخی کوردستان، چ ئەو گەنجەی لە هەولێرەوە کار بۆ فراوانکردنی کاری بەرگدروویی خۆی و هەناردەکردنی بۆ بازاڕی نوێ دەکات، یان ئەو خانمە ڕزگاربووە ئێزدییە ئازایەی، لە دهۆک دوکانێکی شیرینەمەنی بچووکی کردووەتەوە و بەو هۆیەوە هاوکاری خێزانەکەی دەکات.

ئەوان بازرگانیی بچووکیان کردووەتەوە و خەڵکی خۆجێییان بەکارخستووە، کە بە عەقڵییەتێکی نوێ و لەسەر بنەمای پشت بە خۆبەستن و داهێنان کار دەکەن.
لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ لێرەم ، تا سەرەتایەکی نوێ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێوە دەست پێ بکەین. کە پەیوەندییەک بێت، لە سەر بنەمای باشترکردنی دۆخی کوردستان لەلایەک و، هێنانەئارای دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ گەنجان لە لایەکی تر. ئەمەش هەلێکە بۆ زیاتر لە یەک نزیکبوونەوەمان لە یەکتر.

دەزانم ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ئێوەن، سەختن و هەندێکیان، بۆ چەندین نەوەیە لە ئارادان. بەڵام لە هەمانکاتدا دەزانم، ئەو دەرفەتانەی ئێستا هەن بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون.

منیش وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان لە خێزانێکدا لەدایک بووم، هەمیشە لە گەڕان و ژیانێکی ناسەقامگیردا بووە و لە ئاوارەییدا ژیاون و هەستمان بە ڕاستییە تاڵەکانی ژیان کردووە و هەمیشە بە حەسرەتەوە تامەزرۆی گەڕانەوەبووین بۆ نیشتمان. من دەزانم خوێندن و پەروەردەی باش، دەتوانێت چ گۆڕانکارییەکی مەزن، لە ژیانی مرۆڤەکاندا دروست بکات.

ئێوە بەختەوەرن کە زۆربەتان ئەو سەختیانەتان نەدیوە، کە دایک و باوک و باپیرانتان، لە سەدەی ڕابردوودا بینیویانە و ڕووبەڕووی بوونەوە.

دەزانم کە ئێستا چاوەڕوانییەکانی ئێوە جیاوازن. (ئارین)ی کوڕم زۆر جار پێم دەڵێ "بیروبۆچوونی گەنجان ئێستا جیاوازترە و خواست و داواکاریان زیاترە، بۆیە دەبێ زياتر هەل و دەرفەتی کار بۆ گەنجان برەخسێنن“.

تێدەگەم کە نابێت ڕابردوومان، هەمیشە وەک پاساوێک، بەکاربهێنین بۆ لێکدانەوەی ئەو بۆشاییەی لە نێوان گەنجان و حکومەت دروست بووە.

بەڵام بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتی ڕاستەقینەی بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە وەربگرین. دەبێت لە لە پێداویستی و پێگەی یەکتر تێبگەین.

بۆیە بە ڕاشکاوی پێتان دەڵێم: من خۆم پابەندم بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجەکانمان. بێگومان حکومەت ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و پێویستە حکومەت چوارچێوەی یاسایی و ئابووری، بۆ گەشەپێدان و هاندانی هاوبەشیی و شەراکەتی کەرتی گشتی و تایبەتی دیاری بکات ، بۆ ئەوەی خاوەنکار و بازرگانەکان، گەشە بکەن و هەروەها یارمەتی گەشەپێدانی بزنسی بچووکیش بدەن.

هەروەها دەزانم کە دەبێت مەشق و پەروەردەی دروست هەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین. بەڵام بێگومان ئێمە ڕێگایەکی درێژمان لە پێشە و ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە، کاتی دەوێت و هەندێک جار هەندێک کەسی خاوەن بەرژەوەندی تایبەتین و ڕێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن.

بەڵام دەبێت ئابوورییەک بنیات بنێين کە کەمتر پشت بە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا ببەستێت. . ئابوورییەک بێت، زیاتر پشت بە هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی ببەستێت بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتکردنی بازرگانیی بچووک و مامناوەند کە بتوانن زۆرترین دەرفەت و هەلی کار بڕەخسێنێت.

دڵنیام لە ساڵانی داهاتوو، بازرگانیی و بزنسی بچووک و مامناوەند، ئەوانەی لە لایەن گەنجانی وەکو ئێوە بەڕێوە دەبرێن، گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە وەرچەرخانێکی زۆر پێویست، لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نرخی ناجێگیری نەوت، بۆ ئابوورییەکی گەشەسەندوو ، کە لە کۆمەڵگەیەکی بەکارهێنەرەوە ببینە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر.

من بە پەرۆشم بۆ ئەوەی بزانم دەتوانین چی بەدەست بێنین لە وزەی کەسک و نوێکەرەوە green & renewable energy ، لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو ، لە بواری گەشتیاریی ، لە کاری داهێنەرانە و زۆر بواری دیکەی ئابووریماندا .

ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت لە ماوەی درێژخایەندا کە دەرفەت و هەلی کار دەرەخسێنێت و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی، هەرێمەکەمان پێشبڕکێ بکات. دڵنیام ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا هەنگاو دەنێین. کە خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان لە جیهاندا، ناسراوە بەوەی، پەناگەیەکی ئارام و لێبوردە بووە و ئێمەش، پەرە بەو بەهایانە دەدەین. بۆیە من لەوباوەڕەدام کە هەرێمی کوردستان، بەوەی خاوەنی دانیشتووانێکی گەنج و بەهرەمەند و هیوابەخشە نەک تەنیا دەتوانێ ببێتە سەنتەرێکی بازرگانیی لە کوردستان بەڵکو دەبێتە مەڵبەندێکی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانی گرنگ، لە عێراق و ناوچەکەدا.

من بەتایبەتی پەرۆشی ڕەخساندنی دەرفەتی بەدیجیتاڵکردنی کوردستانم، کە زۆر پێویست و گرنگە بۆ هێنانەدی ئەو پێشکەوتنانەی، دەمانەوێ لە کاروبارەکانی حکومەتدا بەدەستی بهێنین. که بەشێکی سەرەکی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە ئاراستەی هێنانەدی دادپەروەری و شەفافییەت.

لە ڕاستیدا ئێمە سیستەمێکی تەواو دیجیتاڵیمان، بۆ دارایی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە ، کە بە تەواوی لە لایەن کارمەندە گەنجە بەتواناکانی کوردستان لە ناو حکومەتدا، دروست کراوە و گەشەی پێ دراوە . هەروەها ئێمە سوودمان لە گەنجە گەشەپێدەرەکانمان وەرگرتووە بۆ بنیاتنانی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی تر ، بەتایبەتی لە پۆرتاڵ و وێبسایتی حکومەتی هەرێم کە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتییە.

لەکاتێکدا ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و کارایی لە خزمەتی گشتیدا، هەروەها یارمەتیدەری ئێوەشە ، بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانتان بە بازاڕ و بەئاسانی تۆمارکردنی بڕاند و کۆمپانیاکان و کاروباری پێدانی باجەکانیش ئاسانتر دەکات.

بەڵام ئێوە هەمووتان ڕۆڵێکی زۆر گەورەتان لە بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیدا هەیە و بێگومان حکومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. بۆیە پێویستیمان بە پشتیوانیی ئێوەیە . دەمانەوێت ئێوە بەشێک بن لە دایەلۆگ و گفتوگۆ ، بە ئامانجی باشترکردن و بەهێزترکردنی نیشتمانەکەمان. بۆ ئەوەی کوردستان بەهێزتر ببێت، دەبێت ئێوەی گەنج خۆتان ڕێکبخەنەوە و لە پێناو پێشخستنی کوردستاندا بیرۆکەی نوێ بهێننە ئاراوە.

تکایە گوێ بەو دەنگۆ و پروپاگەندانە مەدەن ، کە پێتان دەڵێت ئێمە ناتوانین بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین و پێشبکەوین . گوێ بەو کەسانە مەدەن، کە هەمیشە گومانیان هەیە و ڕەشبینانە دەڵێن، ئێمە هەر لە ڕابردوودا گیرمان خواردووە و قەتیس ماوین. بەڵام هەمیشە ڕۆژگار ئەو بۆچوونانەی پووچەڵ کردووەتەوە . بۆیە داواتان لێدەکەم ئێوە باوەڕتان بە خۆتان و توانای خۆتان هەبێت ، چونکە ئێوە دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن و دڵنیابن کاریگەری ئێوە بێ سنوورە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار کۆبوومەوە. پێمخۆش بوو کە گوێم لە ئەزموونەکانی ئەوان بێت لە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکانیان و پەرەدان بە مارکەکانی خۆیان و ئەو ئاستەنگانەی، ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

بۆ من زۆر جێی سەرنج بوو، گوێم لە پەرۆشییان بێت، لە هەمانکاتدا گوێبیستی پێشنیارەکانیان بم لەوەی حکومەت دەتوانێت چی بکات لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەشەپێدانی کارە بازرگانیەکان.

من دەمەوێ پردێک دروست بکەم بۆ زیاتر گەیشتنی دەنگی گەنجان بە حکوومەت. کە من پێموایە ئەمە کارێکی زۆر گرنگە . بۆیە دەمەوێت گوێم لە ئێوە بێت و حکومەتی هەرێم سوود لە تواناکانی ئێوە وەربگرێت.

من داوام کردووە کە گرووپێکی نوێنەرایەتی گەنجان دروست بکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانیی و خواست و داوا و بیرۆکەکانی گەنجان ڕاستەوخۆ بگاتە نووسینگەکەم. من خۆشحاڵم تیمەکەم لە چەندین گەنجی بەتوانا و لێهاتوو پێکاتووە و ئەمڕۆ هەندێکیان لێرەن کە زۆر ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.

من تەواو دڵنیام بە بێ گوێکردن لە دەنگی گەنجان، ناتوانین دید و ڕوانینەکانمان بگەیەنین و ئامانجەکانمان بە دی بهێنین. بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم دەرفەتەم بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی لەم بۆنە و ئیڤێنتەی تێدێکس نیشتمان ( TEDxNishtiman ) بەشداری بکەم و قسە بکەم.

بە ئومێدی ئەوەم، زیاتر گوێبیستی ئامادەبووان و ڕێکخەرانی ئەم بۆنەیە ببم، بەتایبەتی دەربارەی ئەوەی ئێمە چۆن لە حکومەتدا دەتوانین کاری زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی بە یارمەتی ئێوە ،کارنامەکەمان جێەجێ بکەین و داهاتووییەکی گەش بۆ ئێوە و کوردستان دابین بکەین.
ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن و سەرمایەکی گرنگیی ئێستا و داهاتووی نیشتمانن .تکایە مەهێڵن هیچ کەسێک سنوور بۆ تواناکانتان لە خزمەتکردنی نیشتمان ساردتان بکاتەوە.

تکاتان لێ دەکەم ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرچاو بگرن.

سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.