Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەشدار بوو ، گفتوگۆ دەربارەی کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانی پارێزگاکان و پلانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی 2021 کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکومەتە، گوتیشی لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، پلانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانیی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی ( شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەند کران کە بە داهاتی بەردەستی حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی گوژمەکە، سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینارە. بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە:

• پارێزگای سلێمانی:
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

• پارێزگای هەڵەبجە:
30,000,000,000 سی ملیار دینار .

• پارێزگای هەولێر:
000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

• پارێزگای دهۆک:
77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .

کۆی گشتی: 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار.