Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، هێرشکردنە سەر گەشتیاران لە سەڕی ساڵی نوێدا شەرمەزار کرد و پێداگریشی لەسەر مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان کرد، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان.

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە. بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/1/2