Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆدەبێتەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 10 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ، لە گەڵ سۆفی ویلمز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و دوا پەرەسەندنەکانى عێراق و ناوچەکە بەگشتى،پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی، مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بنبڕکردنی هۆکارەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و تەناهی لە ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش تاووتوێ کران.


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی بەلجیکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگیی بەلجیکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیشی بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە دووپات کردەوە.


جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سوپاسی هەماهەنگیی وکارئاسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نێردەکانی بەلجیکا بۆ عێراق و سوریا. هاوسۆزی و پشتیوانیی و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان و تیرۆر بەگشتی .