Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارس

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - لە یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.

بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

شکۆدار بێت هەشتی مارس ، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.

هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان