Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکی دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد کە پێکهاتبوو لە دیریک شۆلێی ڕاوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، برێت مەکگورک هەماهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ، دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.


شاندەکە سڵاو و ڕێزی سەرۆک جۆ بایدنیان بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە هاتنی ئەم شاندە ، جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

شاندی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیکردەوە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بە تایبەتی داعش.


سەرۆکی حکومەت، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکومەتی ئەمەریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیشاندا.


پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .