Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی مانگی سووری ئیماراتی دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد ئەلفەلاحی ئەمینداری گشتیی دەستەی مانگیی سووری ئیماراتی و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئەحمەد ئەلزاهری کونسولی گشتیی ئیمارات لە هەولێر ئامادەی بوو، شاندی میوان سڵاو و ڕێزی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئەبوزەبی-یان بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەیان بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد لە هەموو بوارەکاندا، جەختیشیان کردەوە کە ئیمارات بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارە وپەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەمپەکان .

شاندی ئیماراتی هەروەها خۆشحاڵی خۆیان بە هەبوونی هەماهەنگیی لە گەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیشاندا کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چەندین بەرنامە و پڕۆژەی خێرخوازی هاوبەش.

سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکارییەکانی دەولەتی ئیمارات و بەتایبەتی مانگی سووری ئیماراتی دەربڕی و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیمارات دووپات کردەوە.