Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 31 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕا کرد.


لە دیدارەکەدا کە ئاراس حەبیب کەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوو ، پارێزگاری بەسڕا ئاماژەی بەوەدا ، کە زۆر سوودیان لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتووە . گوتیشی ئەو قسانە ڕاست نين کە هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتووە.


پاڕیزگاری بەسڕا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق ، فیدراڵییە نەک ناوەندی، بۆیە پێویستە هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداربن لە دەسەڵات و بڕیارداندا و ناکرێ عێراق، بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببرێت.


سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ پارێزگای بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەربڕی و دووپاتیشی کردەوە کە عێراق، لە ڕووی سامانی مرۆیی و سروشتییەوە ، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئەگەر حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش هەبێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە، ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە.