Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی نوێی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەولەتیی لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد) دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی نوێی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەولەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی نوێی یونیتاد کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا. جەختیشی لە گرنگیی پاڵپشتی( یونیتاد) بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە.
سەرۆکی نوێی تیمی یونیتاد، سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە گەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوەدرا کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەزاران بەڵگەی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشی ڕادەستی تیمی یونیتاد کردووە و بەردەوامیش دەبێت لە ھەر ھەماھەنگییەکی پێویست لە گەڵ تیمەکە.
دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و ئەرشیڤکردنی تاوانەکانیان و بەدیجیتەڵکردنیان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.