Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گەورە ڕاوێژکای سەربازی حکومەتی بەریتانیا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارشاڵ سامی سیمپسن گەورە ڕاوێژکاری سەربازی حکومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کرد.
لە دیدارەکەدا کە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندی دوولایەنە تاووتوێ کرا .
هەردوولا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیان بە تووندی سەرکۆنە کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و ئەزموونی دیموکراسیی دووپات کردەوە .
گەورە ڕاوێژکاری سەربازی حکومەتی بەریتانیا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکە کرد و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی بەریتانیا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق، لە ڕێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کردەوە کە خزمەتی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات.