Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا

مەسرور بارزانی :
• عەنکاوە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی وئاشتەوایی


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئۆکتۆبەری 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە عەنکاوە بکرێت بە قەزا.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند کە عەنکاوە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی، هەروەها بووەتە ناوەندێک، کە زۆر لەو خوشک و برا کریستیانانەی، کە لە ناوچە و شوێنەکانی دیکەی عێراق، لەبەر هەر هۆکارێک، نەیتوانیوە لەوێ بمێننەوە و ڕوویان کردووەتە عەنکاوە و لێرە نیشتەجێبوون“
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی ” شارۆچکەی عەنکاوە، یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە رۆژ بە رۆژ، پێشڤەچوونێکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت، ئێمەش بەناوی حکومەتەوە، هاتووین و پێتان ڕابگەیەنم کە جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا بتوانرێ خزمەتێکی زیاتری دانیشتووانەکەی بکرێت، هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن، ئەوەی لە دەستی ئێمەش بێت یارمەتیتان دەدەین، بەڵام ئەمە بێگومان بەرپرسیاریەتی زیاتریش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەم قەزایە، کە دەبێ لە هەموو ڕوويێکەوە هەوڵی ئەوە بدەن، کە خزمەتی دانیشتووانی ئەم قەزایە و هەولێر و کوردستان بە گشتی بکەن“.
پاشان سەرۆکی حکومەت ، نەخۆشخانەی مەریەمانەی لە عەنکاوە بەسەر کردەوە کە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە و لە لایەن کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە ساڵی 2020ەوە بە هاوکاری چەند هاوبەشێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە دروستکراوە.